|

كەس پێشبینی ئەوەی
نەدەكرد كە سیلڤستەر ستالۆنی بەشێكی نوێی فیلمی
رامبۆ پێشكەش بكات، چونكە تەمەنی ئێستا لە سەرووی
شەست ساڵییەوەیە و دوایین بەشی رامبۆ لە ساڵی 1988
بەرهەمهاتووە و لەنێوان ئەم ماوەیەدا سینەما و
فیلمەكانی ئەكشن گۆڕانكارییەكی زۆری بەسەردا
هاتووە و ئەم بەشە نوێیە بڕی پەنجا ملیۆن دۆلاری
تێچووە، هەروەها رووداوەكانی فیلمەكەش توندو
تیژییەكی زۆریان تێدا بوو بە جۆرێك ستالۆنی
اریگەیان كە ترسی زۆری گیان لە دەستدانی هەندێك
لەو جێگرەوانە هەبوو كە لە هەندێك دیمەندا رۆڵی
رامبۆیان بینیوە.
زۆر لە رۆژنامەكانی باسیان لە مەسەلەیەكی گرنگی
ئەم فیلمە كرد ئەویش بەكارهێنانی دەرمانی وزە
بەخشی جۆری (تیستۆستیرۆن) بۆ بەهێزكردنی و جوانتر
كردنی ماسولكەكانی لەشی لەكاتی وێنەگرتنی
دیمەنەكانی فیلمەكە، بەڵام ستالۆنی لە
دیمانەیەكیدا لەگەڵ رۆژنامەی (تایم)ی ئەمریكی
بەرگری لە بەكارهێنانی دەرمانی وزە بەخش كرد،
رامبۆ 4 لە پاڵەوانیەتی و دەرهێنانی سیلڤستەر
ستالۆنییە لەم بەشە نوێیەدا رامبۆ ژیانێكی هێمنانە
و خۆش بەسەر دەبات لە تایلەند، كۆمەڵێك لە
چالاكوانانی پاراستنی مافی مرۆڤ داوای لێدەكەن
یارمەتییان بدات بۆ پەڕینەوە لە سنوور تاكو
یارمەتی شۆڕشگێڕانی بۆرما بدەن، كاتێك لە سنوور
دەپەڕنەوە حكومەتی بۆرما ئەندامانی رێكخراوەكە
دەستگیر دەكەن، رامبۆ بڕیار دەدات واز لە ژیانی
هێمنی خۆی بهێنێ و ببێتە رامبۆی جاران بۆ ئەوەی
دەستگیراوەكان ئازاد بكات.
جیاوازی رامبۆ4 و بەشەكانی پێشوو
رووداوەكانی رامبۆ لە ساڵی 1982 بەرهەمهات بە سوود
وەرگرتن لە چیڕۆكی(خوێنی یەكەم) كە نووسەرەكەی
دیڤید مۆریلە و بانگەشە بۆ ئەفسانەی رزگاری
ئەمریكی دەكات كە كەس نییە بیبەزێنێ و وا نیشان
دەدات كە تەنیا بە بەكارهێنانی هێز جیهان دەگۆڕێت
و قوربانییەكان رزگار دەكرێن و رێنیشان دەدرێن بۆ
ژیانێكی باشتر، ئەمجارەیان رامبۆ روو دەكاتە بۆرما
بۆ رووبەرووبوونەوەی هێزێكی سەربازی كە پیشەیان
كوشتنی خەڵكە.
زنجیرە فیلمەكانی رامبۆ سەركەوتنێكی بازرگانی
بەرچاویان بەدەستهێنا و بوونە هۆی دەركەوتنی
ناوبانگی ستالۆنی بەشێوەیەك خێرا و بەرفراوان لە
سەرتاسەری جیهان لە هەمان كاتدا ژمارەیەكی زۆری
یاریی منداڵان لە بازاڕەكاندا بڵاوكرانەوە بە
هەمان ناو، زنجیرە فیلمەكانی رامبۆ لە سەردەمێكدا
سەریانهەڵدا كە جیهان شپرزەیی پێوە دیار بوو و
كێشەی فیكری و سیاسی رژیمە مەركەزییەكان لەو پەڕی
هەڵكشانی دابوو، دواتر وڵاتە مەركەزییەكان روویان
لە رووخان كرد و ئەم جۆرە فیلمانەش بەشدار بوون لە
كێشەی ئەم وڵاتانە و بانگەشەی بۆ گرنگی بەشداری
كردنی ئەمریكای دەكرد لەو وڵاتانە تا كار گەیشتە
ئەو رادەیەی رۆناڵد ریگانی سەرۆكی كۆچ كردووی
ئەمریكا لە یەكێك لە كۆبوونەوەكانی راگەیاندندا بێ
ئەوەی مایكرۆفۆنەكەی دابخات بە یەكێك لە
یاریدەدەرەكانی گوت: دەبێ خێرا بكەین بۆ ئەوەی
بتوانین فیلمی رامبۆ ببینین، ئەو كات ئەم
هەڵوێستەی ریگان بە پڕوپاگەندەیەكی بەهێز دانرا بۆ
فیلمەكە.
هۆلیۆد هەمیشە یەكێك بووە لە پێگە بەهێزەكانی
دروستكردن و گەیشتن بە خەونی گەورەی ئەمریكا بۆ
بەدەستهێنانی باشترین سەرمایەداری لە جیهان و
هەمیشە ئامرازێكی گرنگ بووە بۆ دووبارە نووسینەوەی
مێژووی سینەمای ئەمریكا بەگوێرەی دید و بۆچوونی
رەسمی ئەمریكا، بۆ نموونە لە جەنگی جیهانیدا دژی
فاشیزم و نازییەكان دەبینین سینەمای ئەمریكی تێیدا
سەركەوتنێكی بەرچاوی بەدەستهێنا و سوپای ئەمریكی
بووبە فریادڕەسی جیهان لە دەست هتلەر و فاشیەكان
لە هەمان كاتدا تێبینی ئەوە دەكرێ كە ئەمریكییەكان
هیچ شوێنێكیان بۆ ملیۆنەها قوربانی گەلانی جیهان
نەكردۆتەوە و تا رادەیەك فەرامۆشی كردوون.
رامبۆ و عێراق و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی ئەمریكا
لەم بەشەیدا جۆن رامبۆ خۆی لەوە دوورخستۆتەوە كە
روو لە عێراق بكات بۆ ئەوەی ببێتە شوێنی
بەرهەمهێنانی فیلمەكەی، سەرەڕای گەرمی رووداوەكان
لە عێراق، سیلڤستەر ستالۆن خۆی لە چەند
دیمانەیەكدا رایگەیاند: كە جورئەتی ئەوەی نەدەكرد
فیلمێك بەرهەم بهێنێت كە رووداوەكانی لە عێراق بن
و باس لە سەربازانی ئەمریكا و ئەو كێشە و گرفتانە
بكات كە رووبەرووی دەبنەوە كە لە ئەنجامە هەڵە
سیاسییەكانەوە دروست بوون كە پێدەچێت ببنە هۆی
ئەوەی سەرۆكێكی دیموكراتی بهێنێتە كۆشكی سپی بۆ
هێور كردنەوەی بارودۆخەكە، بەڵام تا ئێستا هۆلیۆد
بەردەوامە لە پشتگیری كردنی سیاسەتەكانی ئەمریكا،
چونكە لەگەڵ نمایشكردنی فیلمی رامبۆ لە شاشەكانی
سینەما، سیلڤستەر ستالۆنی لەسەر شاشەی كەناڵی فۆكس
نیوز پشتگیری خۆی بۆ جۆن ماكینی پاڵێوراوی كۆماری
بۆ پۆستی سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا راگەیاند لێرەدا
رامبۆ وەك لایەنگری كۆمارییەكان خۆی نیشان دەدات
لە هەمان كاتدا ئەمە پڕوپاگەندەیەكی بۆ بەردەوام
بوونی رامبۆ لە كاری خۆی ئەویش دۆزینەوەی چارەسەرە
بۆ كێشەكانی جیهان بەو شێوەیەی كە خۆی دەیەوێت،
رەخنەگرانی سینەماش لە لایەن خۆیانەوە دەڵێن بەشی
چوارەمی رامبۆ هیچ شتێكی نوێی تێدا نییە تەنیا
دیمەنەكانی توندو تیژی نەبێت كە زۆر لە بەشەكانی
پێشووتر توندترە و پێیان وایە سیاسەتی ئەمریكاش لە
جیهان وەك فیلمەكانی رامبۆ خەریكە بەرەوە پیری
دەچێت و چۆن رامبۆ لەم بەشە نوێیەدا دەرمانی وزە
بەخشی بەكارهێنا ئەویش بە هەمان شێوە پێویستی بە
گۆڕانكاری هەیە.
سوود لە وتارێكی رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت
وەرگیراوە |